وۆرکشۆپی فۆتۆگرافی کاڵا، هەولێر

لە ڕۆژانی (١٠ و ١١)ی مانگی سێ دا، پرۆژەی بیت دوو وۆرکشۆپی جیاوازی بۆ دوو گرووپی جیاواز لەسەر فۆتۆگرافی کاڵا ئەنجامدا لە هەولێر. لە وۆرکشۆپەکاندا، تەکنیك و کەرەستەی سادە و ساکار بەکارهێنران بۆ وەرگرتنی وێنەی پرۆفێشنال تاکو بتوانرێت بە شێوەیەکی ڕوونتر و سەرنجڕاکێشتر بەرهەم و کاڵاکانی دەستپێشخەرانی کار پشانی کڕیاران بدرێت. ئامانجی ڕاهێنانەکە بریتی بوو لە گرتنی وێنە پرۆفێشنال بە تێچووێكی کەم بۆ هەر کەسێك کە لە سەرەتای کارەکانیاندان.

وۆرکشۆپەکە لەلایەن وێنەگری ئەڵمانی (یۆهەنا ماریا فریتز)ەوە بەڕێوەچوو. یۆهەننا خوێندنی فۆتۆگرافی لە بەرلین تەواو کردووە و کاری بۆ چەند کۆمپانیایەك کردووە. ئەو ئێستا خەریکی کاری خۆیەتی وەکو فۆتۆگرافەرێکی سەربەخۆ کار دەکات.

کاتی بەڕێوەچوونی وۆرکشۆپ

وۆرکشۆپەکان گرووپێکی بچووکی دەستپێشخەرانی کاری بەئامانج گرتبوو، کە بەچەند کاڵایەکی خۆیان بەشداری وۆرکشۆپەکەیان کرد و چەند وێنەیەکیان ئامادەکرد، تاکو بتوانن ئۆنلاین لە کاری بازاڕسازییاندا بەکاریان بهێنن.

وۆرکشۆپی توێژینەوەی بازاڕ، هەولێر

لە ئۆفیسی (کەی گی ئی) و لە هەولێر، (بیت) وۆرکشۆپێکی سەرکەوتووی ئەنجامدا بۆ دە گەنجی شارەکە و دەورووبەری، کە بیرۆکەی بازرگانییان هەیە و دەیانەوێت دەست بکەن بە کاری خۆیان.

وۆرکشۆپەکە تیشکی خستە سەر ڕێبازەکان و، تەکنیکەکان، و پێکهاتەکان و سوودەکانی توێژینەوەی بازاڕ. بەشداربووان ئاشناکران بە پێویستی توێژینەوەی بازاڕ لە هەر دەستپێشخەرییەکی کاردا.

وۆرکشۆپی توێژینەوەی بازاڕ، هەولێر

وۆرکشۆپەکە لە بەرواری ١٨/٢/٢٠٢٠ دا سازدرا بوو و تەنها یەك ڕۆژبوو. ئامانجی وۆرکشۆپەکە تەنها ناساندنێکی سەرەتایی بوو بۆ بەشداربووان بە گرنگی توێژینەوەی بازاڕ. لە لێدوانێكیدا ئەلیڤۆ مەتی وتی کە “وۆرکشۆپی لەم شێوەیە و لە داهاتوودا پێشکەش دەکرێت، چونکە خەڵك زۆر زانیارییان لەسەر بابەتەکە نییە و گرنگییەکەی نازانن، وەهەروەها نازانن کە توێژینەوەی بازاڕ چۆن ئەنجام دەدرێت.” ئەلیڤۆ مەتی، ڕاوێژکاری بازرگانی پرۆژەی (بیت)ەو، یارمەتی دەستپێشخەرانی کار و خاوەنکارەکان دەدات.

وۆرکشۆپی دۆزینەوەی بیرۆکەی بازرگانی، هەولێر

لە ڕێکەوتی ٢٢\١٢\٢٠١٩ دا، بیت وۆرکشۆپێکی یەك ڕۆژی ئەنجامدا لەسەر چۆنییەتی دۆزینەوەی بیرۆکەی بازرگانی لە هەولێر. کۆمەڵێك لە گەنجی بەتوانا بەشداری ڕاهێنانەکەیان کرد و ڕاهێنانەکەیان دەوڵەمەند کرد بە گفتوگۆکانیان. وۆرکشۆپەکە بایەخی دا بە سەرچاوەکانی بیرۆکەی بازرگانی و تەکنیکەکانی دۆزینەوەی بیرۆکەی بازرگانی. لەوەش گرنگتر، خاسییەتەکانی بیرۆکەی سەرکەوتوو تاوتوێکرا.